گێلاخە
ڕووەکێکی خۆڕسکی ناوچەکەیە. گەڵاکەی باریکی سێ پەلە. گوڵەکەی لە نێرگسی سپی دەچێت. لەسەر یاڵ و گرد و زەویی سوورکە و بەیاردا دەڕوێت و زۆر لە زەوی بەرز نابێتەوە. گەڵاکەی ڕەنگی سەوزە. لەبنەوە سەلک دەکات. بە زەردکراوی لە ڕۆن و پیازدا سووردەکرێتەوە، ھەروەھا بەشێوەی شۆرباش دروستدەکرێت و ئامادەدەکرێت بۆ خواردن. (گوڵ ئاغا)شی پێدەوترێت.
هەڵاڵەبرایمە: هەراڵەبرەمی
ڕوەکێکی گوڵداری بەهارەی کوێستانییە. بە زۆری لە شاخەکانی هەورامان لە پشت: هانەنەوە، ئێڵانپێ، مڵەخورد و شنروێ و پشت ئاوێسەر دا دەڕوێت. گوڵێکی زەرد و سووری هەیە. نزیکەی نیو مەتر بۆ مەترێک بەرز دەبێتەوە. هەر بنێکی پێنج بۆ ١٠ گوڵ دەگرێت، کە بەشێوەی ملی شکاو ڕوو بە زەوی خۆی دەنوێنێت و بەو هۆیەشەوە شەونمی ناوی وەک فرمێسک دەتکێت. پەلکی سەوزیش لەسەر بنی گوڵەکانەوە و وەک قژ بەرەو ئاسمان بەرزبوونەتەوە. چووەتە ئەدەبی میللییەوە. هەندێ خەڵکی ناوچەی هەورامان و سەلکی ئەم گوڵە کە وەک پیازە دەهێنن و لە گۆڕستانەکان دەيڕوێنن.
ترشۆکە
ڕووەکێکی خۆڕسکی ناوچەکەیە. پڕ گەڵا و بەپەلکە. (کوزەرە)شی پێدەوترێت. لە سەرەتای وەرزی بەھاردا دەردەکەوێت، گەڵاکانی کەمێک درێژکۆلە و باڵای کورتی لاسک سووری هەیە. لە گەڵای سڵق دەچێت، بە قەدەر گوێچکەی مەڕێک پان و درێژە. تامی ترشە. دوو جۆری هەیە: ترشۆکەی چیاکان، کە تامەکەی زۆر ترشە و بە زۆری لەبن بەرد و زیخەڵاندا دەڕوێت. گەڵاکەی دەکرێت بە یاپراخ. ترشۆکەی دەشتەکییش، کە لە کەنار و ڕۆخی جۆگە و ڕوبار و شوێنە ئاوییەکاندا دەڕوێت و ترشییەکەی کەمترە.
چاوبازە
ڕووەکێکی خۆڕسکی ناوچەکەیە، بازەڵەی دڕکاوی قەددرێژە لە جۆری کەرتەشی دەچێت. توانای بەرزبونەوەی ھەیە، گەڵاکانی چقڵیان ھەیە، زۆرجار بە ھەوا و ڕەشەبایەک گەڵای پێوە نامێنێت و تەنھا قەدەکەی دەمێنێتەوە. بە (چاو زاقە) و (کاھوی کەروێشک)یش ناودەبرێت. نزیکەی (٥٠ بۆ ٦٠سم) لەئاستی زەوی بەرز دەبێتەوە، کە پیر بوو، گوڵێکی مۆر دەردەکات. لەگەڵ دەرکەوتنیدا گەڵا و لاسکەکەی بەکاڵی دەخورێت، بەشێوەی زەردکردنی و سوورکردنەوەی لەناو ڕۆن و پیازیشدا ئامادەدەکرێت بۆ خواردن.
خەرتەلە
ڕووەکێکی خۆڕسکی ناوچەکەیە. لە دەشتودەر دەبینرێت، گەڵاکەی کەمێک زبرە، لاسکەکەی پاش پاککردنی بە کاڵی دەخورێت. گەڵاکەشی بە ناسکی تێکەڵ بە گیاوردەڵەی تر دەکرێت و دەخورێت.
کەماولۆ
دوو ڕووەکى لەیەک چوون و لە شوێنە کویستانەکانی ناوچەکەدا دەڕوێن. تامێکى تاڵ و بۆنێکى تیژیان هەیە. ساقەکەیان نزیکەى ٢٠ بۆ ٣٠سم بەرز دەبێتەوە، لەبەشى سەرەوەیدا بەفراوانى دەکرێنەوە و ڕەنگێکى سەوزى تێرى جوانیان هەیە. بەتەڕى ساقەکەیان لیک دەردەدەن. ئەوکاتەى خەریکە وشکدەبێت، دەبڕرێت و وشکدەکرێتەوە و دەکوترێت. وەک ئالیک بۆ وەڵاخ و مەڕووماڵات بەکاردەهێنرێت.