گردی قۆرتاس
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
گردێکی شوێنەواریی شێوە خڕ و بازنەییە. بەرزییەکەی نزیکەی (٢٥م) لەچاو زەوییەکانی دەوروبەری بەرزترە، گردێکی دەستکردی مرۆڤە و لە خۆڵ دروستبووە (تورەکەڕێژە)، تەنیشتەکانی لێژبوونەتەوە. کەوتووەتە دەشتی شارەزوور و لە باشوری خۆرئاوای سیروان بە دووریی سێ کیلۆمەتر، هەردوو ڕوباری (زەڵم)و (تانجەرۆ) بە بەردەمیدا ڕەتبوون، گوندێکی بچوکیش لە تەنیشت گردەکەدا هەبووە بەناوی (قۆرتاس)، کە لەئێستادا نەماوە و ساڵی ١٩٦١ دانیشتوانەکەی گوندەکەیان بەجێهێشتووە، کە دواتر کەوتووەتە ژێرئاوی دەریاچەی دەربەندیخانەوە. بۆ یەکەمجار ساڵی ١٩٥٩ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری عیراقی هەڵکۆڵینی تێدا کراوە و پارچەی گۆزەی سەردەمی (ئورک ٣٥٠٠ بۆ ٢٩٠٠ پ. ز) و سەردەمی (خوری)یـەکانی تێدا دۆزراوەتەوە، هەردوو شوێنەوارناسی عێراقی (تەها باقر و فوئاد سفر)سەردانی گردەکەیان کردووە و لێکۆڵینەوەی زانستییان لەبارەیەوە ئەنجامداوە، ئەو کەرەستە و ئامڕاز و پارچە شوێنەوارییانەی، کە لەگردەکەدا دۆزراونەتەوە، مێژووی گردەکە پیشاندەدەن، لە چەند چینێکی شوێنەواری پێکهاتووە، لە بەشی سەرەوەی گردەکەدا، خانویەکی سەیر دۆزراوەتەوە، کە لە گڵی سورەوکراوە و گەچ دروستکراوە، ئەم ژورە بریتیبووە لە گومەزێکی چوارگۆشە، کە دەوری بە ڕاڕەو گیراوە و زۆر لە شوێنەوارناسان پێیانوایە (ئاتەشگا) بووە و لەسەر شێوەی کۆمەڵیک پەرستگا دروستکراوە، چینەکانی سەر ڕووی گردەکە دەکەونە سەرەوەی ئاتەشگاکە و بۆ سەردەمی ئیسلام دەگەڕێنەوە.
سەرچاوەکان:
- سەردانی مەیدانیی ئامادەکار بۆ شوێنەکە، لە ٢٤ی ٢ی ٢٠٢٣.
- چاوپێکەوتن لەگەڵ (ئەرکان عەبدولڕەحمان عەبدوڵا گورگەچیایی)، لەدایکبوو: ١٩٧١، پیشە: ئیمام و خەتیب، لە ٢٤ی ٢ی ٢٠٢٣.
- المرشد الی المواطن الاثار والحضارە، الرحلە السادسە، بغداد – الحلبجە، طة باقر و فواد سفر، بغداد ١٩٦٦، ص١٧.
- شوێنەوارەکانی شارەزوور، نەوشیروان عەزیز محمد، چاپی یەکەم، چاپخانەی تاران، ٢٠١٧، ل١٧٧.
- المواقع الاثریە فی العراق، مدیریە الاثار العامە، بغداد، ١٩٧٠، ص٣٤٣.
ئامادەکردنی: یوسف باقی عەبدولقادر