گردی دوانزە ئیمام
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
گردێکی شوێنەواریی شێوە خڕە، بەرزییەکەی نزیکەی (١٢م) لەچاو زەوییەکانی دەوروبەری بەرزترە، گردێکی دەستکردی مرۆڤە و لە خۆڵ دروستبووە، تەنیشتەکانی بۆ خوارەوە لێژ بوونەتەوە. کەوتووەتە سنوری جوگرافیی گوندی (دوانزە ئیمام) و بە دووریی دوو کیلۆمەتر لە باشوری خۆرئاوایی شارۆچکەی (سیروان)ـەوەیە. ڕوبەرەکەی نزیکەی (٢٥٠٠م) دەبێت. بۆ یەکەمجار گردەکە ساڵی ١٩٥٩ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری عیراقی هەڵکۆڵینی تێدا کراوە و پارچەی گۆزەی سەردەمی ئورک ٣٥٠٠ بۆ ٢٩٠٠پ. ز و سەردەمی ئاشووری تێدا دۆزراوەتەوە، هەروەها شوێنەواری بینایەک دۆزراوەتەوە، کە بۆ دەورانی ئێسلامی دەگەڕێتەوە، کە پێدەچێت مزگەوتێکی کۆن بوو بێت. ئەوەی شایەنی باسە لەم گردەدا کۆمەڵێکی زۆر خشتی لە قوڕ دروستکراوی سورەوەکراو بەرچاودەکەون، کە (٢٥×٢٥×٦)سم دەبن، ئەم گۆزانەش، کە پارچەکانیان لەبەردەستدایە، زۆر و جۆراوجۆرن و هەر جۆر و قەبارەیەکیان بۆ سەردەمێکی مێژوویی جیاواز دەگەڕێتەوە.
سەرچاوەکان:
- سەردانی مەیدانیی ئامادەکار بۆ شوێنەکە، لە ١٢ی ٢ی ٢٠٢٣.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (ئەرکان عەبدولڕەحمان عەبدوڵا گورگەچیایی)، لەدایکبوو: ١٩٧١، پیشە: ئیمام و خەتیب، لە ١٥ی ٣ی ٢٠٢٣.
- شوێنەوارەکانی شارەزوور، نەوشیروان عەزیز محمد، چاپی یەکەم، چاپخانەی تاران، ٢٠١٧، ل١٧٢.
- المواقع الاثریە فی العراق، مدیریە الاثار العامە، بغداد، ١٩٧٠، ص٣٤٢.
- المرشد الی المواطن الاثار والحضارە، الرحلە السادسە، بغداد – الحلبجە، طة باقر و فواد سفر، بغداد ١٩٦٦، ص١٨.
ئامادەکردنی: یوسف باقی عەبدولقادر