گردی بەکراوا

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-07


لاپەڕەی 186

شوێنەوار

شوێنەوارێکی مێژووییە. پێنج کیلۆمەتر لە باکوری شاری هەڵەبجەوە دوورە. درێژییەکەی لەبەشی خوارەوە و بنکەکەیەوە (٢٧٧م) و لە سەرەوە نزیکەی (٢٠٠م)ە. پانییەکەی لە بەشی خوارەوە نزیکەی (١٦٠م) و لە سەرەوەی (١٣٧م)ە. چاڵێکی گەورە بە پانیی (١٠ بۆ ١٥م) بە چواردەوریدا هەڵکەندراوە. بە بۆچوونی شوێنەوارناسان، گردەکە لە سەردەمی حورییەکان و لۆلۆییەکاندا، ناوەندی کارگێڕيی دەشتی شارەزوور بووە. لە هەندێک سەرچاوەدا هاتووە، کە له ‌سەرەتاکانى سەدەى حەڤدەوە لەلايەن (بەکر بەگى سوور) دروستکراوە. ساڵی ١٩٦١ لەلایەن حکومەتی عێراقەوە کاری کنەوپشکنینی بۆ کراوە و دەرکەوتووه،‌ کە لە هەشت چینی نیشتەجێبوونی شارستانێتی پێکهاتووە. بەپێی پشکنینی تیمێکی ئەڵمانی، مێژووەکەی بۆ ٣٥٠٠ ساڵ پێش زاین دەگەڕێتەوە. دەفری گڵین، دراوی مس، گۆڕ، ئاڵتون و تەنووری تێدا دۆزراوەتەوە.

سەرچاوەکان:

  1. تاريخى سلێمانى وە وڵاتى، محمد امين زکى (ئامادەکردنى ڕەفيق ساڵح)، چاپى دووەم، بەرگى سێيەم، چاپخانەى شڤان، سلێمانى، ساڵ ٢٠٠٦، ل٤٤.
  2. مجلة‌‌ سومر، مجلد ١٨، عدد ١-٢، سنة ١٩٦٢، بقلم: محمد باقى الحسينى.
  3. چاوپێکەوتن لەگەڵ (عەبدولڕەحمان محەممەد عارف)، لەدايکبووى: ١٩٦٨، ئاستى خوێندەوارى (ماستەر)، لە ١٨ی ١٠ی ٢٠٢٢.

ئامادەکردنی: دڵشاد ئەحمەد حەمەشەریف

2

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

گردی وەیسی: مەلاوەیسە

گردێکی شوێنەواریی شێوە لاکێشەییە. بەرزییەکەی نزیکەی (١٥م) لەچاو زەوییەکانی دەوروبەری بەرزترە، گردێکی سروشتیە، تەنیشتەکانی بۆ خوارەوە لێژ بوونەتەوە. کەوتووەتە گوندی مەلاوەیسە لەسەر ڕێگەی سەرەکیی (گردیگۆ – سەیدسادق). لەگوندی (قەدەفەری)وە ڕیگایەک بەرەو گردەکە و گوندی مەلاوەیسە دەچێت بە دووریی کیلۆمەترێک، ڕووبەری گردەکە نزیکەی (٧٠٠٠م) دەبێت، سەر بە شارۆچکەی خورماڵە. هەتا ئێستا کاری هەڵکۆڵینی زانستی بۆ نەکراوە، بۆ سەردەمی (ئاشوورییەکان) دەگەڕێتەوە و چەندین کەرەستەی شوێنەواری تێدا دۆزراوەتەوە، وەک گۆزە و سکە و دراو، لەئێستادا گۆڕستانی گوندەکەی لەسەر دروستکراوە. تەواوی خانوی گوندەکە لەسەر گردەکە بونیادنراون و بەشێکی لێکراوە بە کشتوکاڵ، ئەمەش وایکردووە گردە شوێنەوارییەکە گۆڕانکاری لەشێوەکەیدا ڕووبدات.

زیاتر بزانە
شوێنەوار

گردی وسوو

گردێکی شوێنەواریی دەستکردی شێوە لاکێشەییە. بەرزییەکەی نزیکەی پێنج مەترە. کەوتووەته سنوری گوندی (گورگەچیا)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). ڕووبەرەکەی نزیکەی (١٠٠٠م٢)یە. هەتا ئێستا کاری هەڵکۆڵینی زانستی بۆ نەکراوە. چەند پارچەی بەردی تێژ کراو (بەردە ئەستێ) و گۆزەی شکاوی لێ دۆزراوەتەوە. بەپێی هەڵسەنگاندن و بەراوردکردن بەشێکی بۆ سەردەمی (چاخی بەردینی نوێ) و سەردەمی (ساسانی و ئیسلامی) دەگەڕێتەوە.

زیاتر بزانە
شوێنەوار

گڵێجاڵە بچکۆلە

پاشماوەی قەڵایەکی کۆنە. کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (گڵێجاڵ)ی ناوەندی ناحیەی (بەمۆ). بەپێی ئەو پاشماوە شوێنەوارییانەی، کە لە قەڵاکەدا دۆزراونەتەوە، بۆ سەردمەی پارسی و ساسانی دەگەڕێتەوە.

زیاتر بزانە
شوێنەوار

گوندە

گردێکی شوێنەواریی دەستکردی شێوە قوچەکییە. بەرزییەکەی نزیکەی (٢٥م)ە. کەوتووەتە سەر چەمی (حەوت ئاشان) لە باشور و خۆرئاوای شاری هەڵەبجە. ڕووبەرەکەی نزیکە (٩٠٠م)ە. هەتا ئێستا کاری هەڵکۆڵینی زانستی بۆ نەکراوە. بەپێی ئەو کەرەستە و ئامڕازانەی لێی دۆزراونەتەوە، بۆ سەردەمی (ساسانی) دەگەڕێتەوە.

زیاتر بزانە
شوێنەوار

گۆڕستانی ئەبو شەمامان

کەوتووەتە باکوری گوندی ئاوایی ڕۆستەم بەگ لە خۆرهەڵاتی ناحیەی خورماڵ بە دووریی سێ کێلۆمەتر، لە سەنتەری پارێزگای هەڵەبجهوە‌ (١٥کم) دوورە. مێژووی گۆرستانەکە: لەسەر بنەمای کێلە نوسراوەکانی گۆڕستانەکە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٣٥٠ ساڵ لەمەوبەر، کێلە تاشراوەکانی گۆڕستانەکە بەزمانی عەرەبی و خەتی فارسی لەسەریان نوسراوە، کە خاوەنی گۆڕەکان بەگزادە و شێخەکانی ناوچەکەن، لە ئیستادا زیاتر لە ١٥ کێلی شوێنەواری تێدا بەجێماوە.

زیاتر بزانە
شوێنەوار

گۆڕستانی ڕێوڵە

گۆڕستانی دێی کۆنی گوندی (بەڵخە)یە. بە دووریی (٥٠٠م) کەوتووەتە خوار گوندەکەوە لە لا نساری ڕێوڵە و خوار شاخی هانەوەهارەی بەڵخە و باخی سەی حەبیب. دەکرێت بە دوو بەشەوە. سێ شێواز مردووی لێنێژراوە. بەشێکی کۆنی، کە ڕووفاتەکانیان بۆ پێش ئیسلام و سەردەمی زەردشت دەگەڕێتەوە، چونکە خراونەتە نێو کوپەڵەوە. دەوترێت زەردەشت خۆیشی لە ئەشکەوتێکی نزیک بەم گوندە ژیاوە. بەشێکی مردووەکان ڕوو بە خۆر نێژراون. بەشی دووەمی کەمێک لە خوارترە و لە بەرامبەر بەشەکەی ترەوەیە هی سەردەمی ئیسلامە. بە هۆی نەشارەزاییەوە لە کاتی ئیشوکار و باخەوانیدا، زۆرێک لەم شوێنەوارە لەناوچووە.

زیاتر بزانە
شوێنەوار