بەردکەنان
کەوتووتە گوندی (عەبابەیلێ). کانەبەرد بووە. لە کۆندا بەردەکانی براوەتە هەڵەبجە. چەندین دامودەستگای هەڵەبجە وەک قایمقامیەت و ئامادەیی هەڵەبجە بە بەردی ئەم شوێنە دروستکراون. لە خۆرئاوای گوندەکە هەڵکەوتووە. تا بەرانبەر چاوگی دەڵەمەر درێژدەبێتەوە.
دەشتڵێ
بە دووریی کیلۆمەترێک کەوتووەتە بەشی خۆرهەڵاتی گوندی (دەرەیمەڕ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). بەهۆی هەبوون و شیاویی بەردەکەی بۆ (کاشی و فلەری قیر) لە ساڵی ١٩٩٥ تا ساڵی ٢٠٢٢ بەردی لێ دەردەهێنرێت. ڕۆژانە زیاتر لە چوار بارهەڵگر بەردی لێ دەگوێزنەوە بۆ شارەکانی سلێمانی و دەربەندیخان.
زەویيە بەرد
زەويیەکانى باشورى گوندى (بياوێڵە)یە لەنێوان هەردوو چەمى (کونە ڕێوى و گۆيژ). بەهۆى ئەوەى کۆمەڵێک بەردى گەورەى لێبووه، بە زەویيەکانى بەردەبووکان ناودەهێنرێت.
قەڵاسولێ
کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (دەرەیمەڕ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە تا ئێستا بەردی لێدەردەهێنرێت. ڕۆژانە سێ بارهەڵگر بەردی لێ دەگوازنەوە بۆ کارگەی هاڕینی بەرد لە دەربەندیخان و سلێمانی.
کانەبەردەکان
چەند کانەبەردێکە. کەوتووەتە باشوری گوندی (تریفە). لە ڕابردوودا بەرديان لێدەرهێناوە و بەکاريانهێناوە بۆ دروستکردنى خانو پڕۆژە جۆربەجۆرەکانى ئەو سەردەمە. بۆمەبەستی خانو دروستکردن، کێلی قەبر و قەبرهەڵبەستن و بۆ دروستکردنی سەکۆ یان شوێنی دانیشتن و هەڵبەستنى کانی و کارێز سوودیان لەم کانە بەردە بینیووە.
کانى گوێز
لە باکوری خۆرئاوای گوندی (کانی گوێز)ە. لە دووری (١٥٠م) لە ملەی کانی گوێز هەڵکەوتووە. لە ساڵانی ١٩٦٠ بە بەکارهێنانی نوێڵ و پیک بەردی تێدا دەرهێنراوە. جۆری بەردەکانی ڕەش و قەبارەیان گەورە بووە. بۆ کارگەی چیمەنتۆی سلێمانی گوازراونەتەوە. هەندێکیشیان بۆ ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە بەکارهاتوون.