بەشی هاتوچۆی ناوشاری هەڵەبجە
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
ناوەندێکی ڕێکخستنی هاتوچۆی حکومییە و سەربە وەزارەتی ناوخۆیە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەڕوی کارگێڕیشەوە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی پارێزگاری هەڵەبجەیە. ساڵی ٢٠٠٣ لە هەڵەبجە کراوەتەوە و لە یەک بەش و بنکەی هاتوچۆی هەڵەبجە پێکهاتووە، کە بریتین لە بەشەکانی کارگێڕی و داواکاری. هەروەها بەهۆی کەمیی کارمەند و نەبوونی جێگاوە، هەریەک لە هۆبەکانی قەپان، کاروباری شۆفێری، پێبژاردن و دەستبەسەرداگرتن نەکراونەتەوە. دوای کردنەوەی فەرمانگەکە، کەسایەتی (فاروق مەعروف نادر) خاوەن بڕوانامەی بەکارلۆریۆس لە یاسا، دەبێتە یەکەم بەڕێوەبەری فەرمانگەکە و ماوەی ٢ ساڵ لەکارەکەی بەردەوام بووە، دواتر کەسایەتی (محەممەد چاوشین ئەمین) خاوەن بڕوانامەی ئامادەیی بۆ ماوەی سێ ساڵ بووەتە بەڕێوەبەر. ڕوبەری زەویی فەرمانگەکە ١٨٢ مەترە، ١٥٤ مەتری بینایە لە یەک نهۆم پێکهاتووە و موڵکی بەشەکە خۆیەتی. دەکەوێتە سەرشەقامی سەرەکیی دەروازەی هەڵەبجە لە نێوان لقی دوانزە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە، کاری فەرمانگەکە بریتییە لە جێبەجێکردنی یاسا و ڕێنماییەکانی هاتوچۆ و ڕێکخستنی هاتوچۆی ناوشاری هەڵەبجە. لە ئێستادا ٥١ فەرمانبەری میلاک و چوار فەرمانبەری گرێبەستی هەیە و سەرجەم فەرمانبەرانی لە ڕەگەزی نێرن و (ئامانج حەمەعەلی مەجید) بە پلەی وەزیفی موقەدەمی هاتوچۆ و خاوەن بڕوانامەی بەکالۆریۆس، بەڕێوەبەری فەرمانگەکەیە.
سەرچاوەکان:
- سەردانی مەیدانیی ئامادەکار بۆ شوێنەکە، لە ١ی ١٠ی ٢٠٢٣.
- داتا و زانیارییەکانی بەشەکە لەڕێی (ئامانج حەمەعەلی مەجید) بۆ ئامادەکار، لە ١ی ١٠ی ٢٠٢٣.
ئامادەکردنی: ئەرکان ئەحمەد جاف