بیارە
کەوتووەتە شارۆچکەی (بیارە)وە. مێژووی دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ چلەکانی سەدەی ڕابردوو و سەرەتا بنکەی تەندروستی بووە. پاش ڕاپەڕین و ساڵی ١٩٩٣ دروستکراوەتەوە و یەکەم بەڕێوەبەری بنکەکە (تاهیر عەزیز محەممەد) بووە و تا ساڵی ٢٠١١ بەردەوام بووە، پاشان (ڕزگار عەزیز محەممەد) بووە بە بەڕێوەبەری و هەتا ئێسا بەردەوامە. مەڵبەندەکە لە شەش بەش پێکهاتووە، کە بریتین لە بەشەکانی تاقیگە، دەرمانخانە، چاودێریی دایکانی دووگیان، ددان، کوتان و فریاکەوتن. ٣٨ کارمەندی میلاک و یەک فەرمانبەری گرێبەست و چوار فەرمانبەری خۆبەخشیان هەیە، ڕووبەری بینای بنکەکە (٣٠٠م٢)یە و لە دوو نهۆم پێکهاتووە، کەوتووەتە سەنتەری شارۆچکەی بیارەوە.
شەهید ئەمجەد حاجی غالی
ساڵی ٢٠٠٦ لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ڕووبەری (٢٥٠٠م٢) دروستکراوە. کەوتووەتە گەڕەکی ئازادی لە شارۆچکەی (سیروان). دەوامی ٢٤ کاتژمێرییە. لە بەشەکانی (تیشک، نەشتەرگەری، ددان، چاودێریی دایکایەتی، گەشەی منداڵ، نەخۆشیی درێژخایەن) پێکهاتووە. یەک نهۆمە. لە ئێستادا دوو پزیشکی گشتی، یەک پزیشکی ددان، ٣٨ کارمەند و فەرمانبەری هەیە.
شەهید عەلی شیعە: خورماڵ
ساڵی ١٩٩١ بەناوی (بنکەی تەندروستیی خورماڵ)ـەوە لە گەڕەکی (داڵانێ) لە ناحیەی (خورماڵ) دامەزراوە. دواتر بەهۆی فروانبوونی ناوچەکەوە بووە بە (مەڵبەندی تەندروستیی شەهید عەلی شیعە) لە گەڕەکی (ئاشتی) لە هەمان ناحیەدا. بیناکەی دوو نهۆمییە و ١٠ قەرەوێڵەییە و دیاریی هێزی ئەمریکیەکان بووە بۆ ناوچەکە. دەوامی ٢٤ کاتژمێرییە و لە بەشەکانی: تیشک، ڤاکسین، دەرمانخانە، پشکنین و فریاکەوتن پێکهاتووە. لە ئێستادا ٨٩ کارمەند و پزیشکی هەیە و (عەزیز شوکەت کەریم) بەڕێوەبەری مەڵبەندەکەیە.
شەهید فاتیح
ساڵی ٢٠٠٥ دامەزراوە. ٢٤ کاتژمێرییە. کەوتووەتە گەڕەکی (فەرمانبەران)ـەوە. بەشەکانی: چارەسەر، دەرمانخانە، تاقیگە، تیشک، پەرستاری ژنان و پیاوان، هێڵکاریی دڵ، وەرشە، بلیتبڕ و پاسەوانی تێدایە. لیژنەی پزیشکیی هەمیشەیی هەڵەبجە، هۆبەی چارەسەری سروشتی -کە لە بەشەکانی: منداڵان، ژنان و پیاوان پێکهاتووە، دەوامی تێدا دەکەن. بینایەکی یەک نهۆمییە. لەسەر ڕووبەری (١٠٠٠م) زەویە. (شیروان حەمەساڵح کەریم) بەڕێوەبەری مەڵبەندەکەیە و٤ پزیشکی پلەبەند، ٦١ کامەند و فەرمانبەری هەیە.
شەهید نیازی هەورامی
کەوتووەتە ناوبازاڕی شارەدێی (تەوێڵە)وە. پێشتر بنکەی تەندروستی بووە و ساڵی ١٩٣٢ دامەزراوە. لە سەرەتای شەستەکانەوە بینای تایبەتی بۆ دروستکراوه و هەتا ١٩٧٦ لەو شوێنەدا ماوەتەوە. لەسەردەمی شۆڕشدا بینانی ناوەندی تەوێڵە کراوەتە خەستەخانە. لە ساڵی یەکەمی شەڕی عێراق – ئێراندا، پزیشکی تایبەتی سەربازی بۆ هاتووە و لەگەڵ چۆڵبوونی تەوێڵەدا بیناکە ڕووخاوە. لە دوای ڕاپەڕین جارێکی تر کراوەتەوە. لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێم لەسەر ڕووبەری (٤١٥م٢) بینای بۆ دروستکراوە. لە ساڵی ٢٠١١وە کراوە بە مەڵبەندی تەندروستی. دەوامی ٢٤ کاتژمێرییە. دوو نهۆمە و لە بەشەکانی: ڤاکسین، فریاکەوتن، دەرمانخانە، تاقیگە و دایکانی دووگیان، پێکهاتووە. چوار پزیشکی پلەبەند و یەک پزیشکی ددان و ٣٢ کارمەندی هەیە.
کۆکۆیی
کەوتووەتە گەڕەکی کانیعاشقان لەناو شاری هەڵەبجە. لە ٧ی ٤ی ١٩٩٩ لەسەر ڕووبەری (٢٥٠٠م) زەوی و بینایەک بە (٢٣٧م٢) لەلایەن ڕێکخراوی سویدیی ئۆپسالا (OPSALA)وە دروستکراوە. پێشتر لە ماڵی خێرخوازێکدا بووە. دەوامی شەش کاتژمێرییە. یەک نهۆمە و بەشەکانی: دەرمانخانە، دەرزیلێدان، عیلاج_نوسین، پێکدێت. لە ئێستادا ١٠ کارمەندی هەیە. یەکەم لێپرسراوی (ئحیا عەلی محەممەد) بووە و لە ئێستادا (محەممەد محەممەد ڕەشید)ە.