مێژووی تەندروستیی هەڵەبجە لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستدا
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-07
کەرتی تەندروستی لە عێراق بەگشتی و لە کوردستان بەتایبەتی لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانیدا یەکێک بووە لەو کەرتانەی، کە زۆر دواکەوتوو بووە و هەتا کۆتایی نیوەی یەکەمی سەدەی بیست دێژەی کێشاوە. ئەوانەی لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانیدا کاری پزیشکیان کردووە پێیانوتراوە حەکیم (زۆرینەشیان مەسیحیی و جولەکە بوون). حەکیم خوایە، کە جولەکەیەکی خەڵکی خۆرهەڵاتی کوردستان بووە، پزیشکی تایبەتی ماڵی وەسمان پاشای جاف بووە و کاری حەکیمی لە سنوری قەزای گوڵعەنبەریشدا کردووە. بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی کەرکوک ١٩٣٠ محەممەد حیلمی ئەفەندی (حیلمی شاعیر) یەکێک بووە لەو برینپێچانەی، کە نزیکەی شەش ساڵێک لە هەڵەبجە و دواتریش لە خورماڵ کاریکردووە. لە ساڵانی سییەکاندا حکومەتی عێراقی لە پاڵ ناوەندی لیواکاندا لە بەشێک لە قەزاکانیشدا نەخۆشخانەی تایبەتی بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشەکان کردەوە، بەڵام ئەو نەخۆشخانانە و ژمارەی پزیشکەکان هەتا کۆتایی نیوەی یەکەمی سەدەی بیست لە ئاست پێویستیی دانیشتوانی شار و شارۆچکەکاندا نەبوون. لە سییەکاندا لە هەڵەبجە نۆرێنگە (المستوصف)ێک کراوەتەوە یەک دکتۆری بەناوی (د. ئاغا فانجلۆس جۆرج) هەبووە، وەک بەناوەکەیدا دیارە دکتۆری ناوبراو کورد نەبووە و بیانی بووە، بەڵام نازانرێت خەڵکی کام وڵات و سەر بە چ نەتەوەیەک بووە! بەپێی ئامارێک، کە لە ساڵی ١٩٤٨ بڵاوکراوەتەوە نەخۆشخانەیەک لە هەڵەبجەدا هەبووە بەناوی (مستشفی غازی الأول)، ئەوە جگە لە بوونی چەند نورێنگەیەک لە چەند ناوچەیەکی (تەوێڵە، خورماڵ، شانەدەری، پێنجوێن، وارماوا) و نەخۆشییە باوەکانی وەک (مەلاریا، تەراخوما، سکچوون و ڕشانەوە، تا) و کۆمەڵێک نەخۆشیی دیکە بڵاوبووە و ڕێژەی مردن لە ئاستێکی بەرزدا بووە.
سەرچاوەکان:
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (حەمیدە ئەحمەد موختار جاف)، لەدایکبوو: ١٩٣٥، لە ١٦ی ١٢ی ٢٠٠٦ و ٢٤ی ٨ی ٢٠٠٨، لە سلێمانی.
- دلیل المملکة العراقیة تاریخی اداری تجاری صناعی زراعی مصور لسنة ١٩٣٥-١٩٣٦، مطبعة أمین، بغداد، ١٩٣٥، ص٣٠٧
- ڕۆژنامەی کەرکوک، ژمارە(٣١٢)، ٢١/٧/١٩٣٠، وتاری (صحیەی هلبجە)، نوسینی: کوردێکی هەڵەبجەیی.
- گۆڤاری (نزار)، ژمارە(١٤)، ساڵی یەکەم، بەغدا، ٢٢/١٠/١٩٤٨، وتاری (قضایا الصحة فی السلیمانیة)، عەلادین سەجادی. (گفتوگۆی عەلادین سەجادی لەگەڵ د.هاشم الدوغرمجی بەرپرسی تەندروستیی لیوای سلێمانی).
- دیوانی حیلمی(شێخ محەمەد شێخ حسەین)، ئامادەکردنی: ئومێد کاکەڕەش، لە بڵاوکراوەکانی پڕۆژەی هاوسەر، چاپخانەی الأرشاد، بەغدا، ١٩٨٥، ل١٥.
ئامادەکردنی: د. عادل سدیق عەلی