مەلا جەلالی خورماڵ
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-13
مودەریس و موفتی بووە. ناوی جەلالەدین کوڕی سەید عەلی کوڕی سەید عومەرە. لە قاینەیجەی شارەزوور لەدایکبووە. مامۆستای نالی و مەولانا خالد بووە، هاوچەرخی شێخ عەبدوڵای خەرپانی و مەلا ئیبراهیمی بیارەبووە و سەرگوزشتە و قسەی خۆش و شیعریان پێکەوە هەبووە. سێکوچکەی زانستیی هەڵەبجە و هەورامانیان پێکهێناوە. جێگە ڕێزی میرانی بابان بووە و لە دەوروبەری خورماڵ و زەڵم و بیارە، باخ و بێستانیان وەقفی خۆی و مزگەوت و قوتابیەکانی کردووە. لای شێخ حەسەنی گڵەزەردە تەریقەتی قادری وەرگرتووە، هاوینی ساڵی ١٨١٥ لە باخەکانی بیارە بە مردنی لە ناکاو کۆچیدواییکردووە. خێزاندار بووە و چوار کوڕی لێ بەجێماوە، لەوانە جەلالی بچوک و مستەفا، دەبنە زانای گەورە.
سەرچاوەکان:
- بنەماڵەی زانیاران، مەلا عبدالکریمی مدەرس.چاپی یەکەم ، بڵاوکردنەوە کتێی کانی، سنە ٢٠٠٥ ل ٢٨٥.
- مێژووی مزگەوتی گەورەی خورماڵ. د. ئاراس محمد ساڵح، چاپی یەکەم، ناوەندی سارا، سلێمانی ٢٠٢١ ل١٠٦.
ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم