شا ئیبراهیمی ئێوەت
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-15
شاعیر و لە پەیڕەوکارانی سان سەهاکە. یەکێکە لە بازنەی هەفتەن. ناوی (ئیبراهیم کوڕی سەی محەممەدی گەورەسوار، کوڕی سوڵتان سەهاکە. نازناوی ڕۆچیار و شوهرەتی ئێوەتە. دووەم کانیی پیرۆزی یارسانەکان (هانەی تا - کانی تا) ئەم هەڵیکەندووە. یەکێک لە دوعاکانی یارسان بە ناوی دوعای سەحەری، هی ئەمە. ساڵی ٧٥٢ کۆچی لە شێخانی هەورامان لەدایکبووە. تەواوی زانستەکانی خوێندووە و حەزی لە پیتۆڵی بووە. سان سەهاک نازناوی (شا)ی پێدەدات. بۆ ڕێنوێنی خەڵک و پەرەپێدانی ڕەچەی یاری دێتە خانەقین. کوردە کاکەییەکانی خانەقین لە لایەنگرانی ئەون. پاشان ڕوودەکاتە بەغداد و لەوێ نیشتەجێدەبێت. لە سەرەتای سەدەی نۆیەمی کۆچیدا لەوێ کۆچیدواییدەکات و هەر لەوێش نێژراوە.
سەرچاوەکان:
- مێژووی وێژەی کوردی، صدیق بۆرەکەیی، بەرگی یەکەم، چاپی دووەم، هەولێر، ٢٠٠٨، ل١٧٩-١٨٣.
- یارسان، ئەیوب ڕۆستەم، چاپی سێیەم، ٢٠١٣، سلێمانی، ل١٢٩.
- سرانجام مجموعه کلامهای یارسان، گرداوەری، تحقيق و ویراسته: طيب طاهری، هەولێر، ٢٠٠٧، ل٢٨٦
ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم