سەربەست کەریم محەممەد

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-15


لاپەڕەی 146

بەڕێوەبەر

بەڕێوبەرى بەڕێوەبەرایەتیى مەشق و ڕاهێنانى سلێمانى و وەرزشەوانی دێرینە. ناوی (سەربەست کەریم محەممەد مەحموود)ە. ساڵى ١٩٦٩ لە گوندى (باوەکۆچەک) لەدایکبووە. بەشى فیزیای لە زانکۆى موسڵ خوێندووه.‌ لە ئێستادا بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتیی مەشق و ڕاهێنانى پەروەردەییە لە سلێمانى. لە ساڵی ١٩٩٩ بۆ یەکەم جار پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایان لەھەڵەبجە کرایەوە، مامۆستا سەربەست یەکەم بەڕێوەبەری پەیمانگا بووە. دواتر، کە لە ساڵی ٢٠٠٤ بەڕێوەبەرێتی پەروەردە لە ھەڵەبجە کرایەوە، مامۆستا سەربەست یەکەمین بەڕێوەبەری پەروەردەى هەڵەبجە بووە. دووبارە لە ساڵی ٢٠٠٥ بۆ بەڕێوبەری پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایان گەڕاوەتەوە و تا کاتی داخستنی لە ئەرکەکەیدا ماوەتەوە. یاریزانی تۆپىپێ و یاریى تۆپى سەرمێز بووە‌. لەم تیپە میللییە وەرزشییانەی هەڵەبجەدا یاریکردووە: (تیپى وەرزشیى هێمن، تیپى وەرزشیى سیروان، تیپى وەرزشیى هەڵبژاردەى هەڵەبجە). لە یاریى تۆپى سەرمێز لە هەڵبژاردەى تازەپێگەیشتووانى هەڵەبجەدا یارىکردووە و لە چەند خولى جیاواز، وەک لەسەر ئاستى عێراق و خولى ناوچەى باکور و ناوچەى فەرمانڕەوایى خۆیى (ناوچەى حوکمى زاتى)، لە یارى تۆپى سەرمێز بەشداریکردووە.

سەرچاوەکان:

  1. هەڵەبجە و بواری وەرزش، شوان ئەفراسیاب عەلی، (بەرهەمی بڵاونەکراوە)، ٢٠٢٢.
  2. گفتوگۆی ئامادەکار (شوان کەریم ئەفراسیاب) لەگەڵ (سەربەست کەریم محەممەد)، لە ١٧ی ٤ی ٢٠٢٣.
  3. چاوپێکەوتنى ئامادەکاران (حەمزە محەممەد ساڵح محەممەد، ڕەنجدەر عومەر عەبدوڵا عەلی) لەگەڵ (سەربەست کەریم محەممەد)، لە ١١ى ٣ى ٢٠٢٤.

ئامادەکردنی: حەمزە محەممەد ساڵح,ڕەنجدەر عومەر عەبدوڵا,شوان ئەفراسیاب عەلی

4

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

عوسمان بەگى حسەين بەگى جاف

بەگزادەی کەيخەسرەو بەگى جافە. ناوی (عوسمان بەگ حسەين بەگ مەحموود پاشاى محەممەد پاشاى جاف‌)ـە. ساڵی ١٩٣٠ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغەکانى سەرەتايى و ناوەندى لە هەڵەبجە و ئامادەيى لە کەرکوک تەواوکردووە. ساڵى ١٩٥٩ بە ماڵەوە چوونەتە شارى بەغداد و ساڵى ١٩٦٤ بەشى ياساى زانکۆى بەغدادى تەواوکردووە و وەک فەرمانبەر دامەزراوە. ماوەيەکى زۆر بەڕێوەبەرى بەشى ياسايى وەزارەتى بازرگانیی عێراق بووه. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. ساڵى ١٩٨٥ خانەنشين بووە. لەگەڵ مەحموود بەگى برايدا لە موڵکدا شەريکبوون و زۆربەى موڵکەکانيان لە هەڵەبجە و سەيدسادق بووە. ساڵی ٢٠٠٩ بە نەخۆشى کۆچیدواییکردووە.

زیاتر بزانە
بەڕێوەبەر

حەمەسەعید بەگی حەسەن بەگی جاف

لە سەرکردە و بەگزادە ناسراوەکانى جافى وەڵەدبەگييە. ناوی (محەممەدسەعيد بەگ کوڕى حەسەن بەگ کوڕى قارد بەگ)ـە. لە بەگزادەکانى وەڵەدبەگى جافە. ساڵی ١٨٩٥ لە (بيارە) لەدایکبووە. لە ‌دواى حەمەساڵح بەگى براى دووەمين کوڕى خێزانەکەيەتى. لەلاى مامۆستاى تايبەت خوێندوويەتى. لە سەردەمى دەوڵەتى عوسمانيدا بۆ ماوەى دووساڵ و نیو بەڕێوەبەری شارۆچکەی خورماڵ بووە. لە پاش کۆچیدوایی باوکی، بووە بە گەورە و دەمڕاست و پیاوماقوڵی خانەوادەکەى. لە گوندى (دەرەشيشى ژوروو) دانيشتووه. سێ جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی ١٠ منداڵە. ساڵى ١٩٥٨ تووشى جەڵدە دەبێت و پاش ماوەیەک هەر بەو نەخۆشييە کۆچیدواییدەکات و لە گۆڕستانی (گوڵان) لە هەڵەبجە بەخاکدەسپێررێت.

زیاتر بزانە
بەڕێوەبەر

ئەنوەر محەممەد قادر

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەڵەبجەیە. ساڵی ١٩٦٠ لە شارۆچکەی بازیان لەدایکبووە. خاوەن بڕوانامەی ئامادەییە، لە بواری کاری پۆلیسی و پۆلیسی هاتوچۆدا خزمەتیکردووە. ساڵی ٢٠٢٣ پۆستی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتوچۆی هەڵەبجەی وەرگرتووە و تا ئێستا بەردەوامە.

زیاتر بزانە
بەڕێوەبەر

ئومێد ئەحمەد حەمەوەلى

بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى بیارەیە. ساڵى ١٩٧٦ لە شارى هەڵەبجە لەدایکبووە. بەشى کشتوکاڵى لە زانکۆى سلێمانى تەواوکردووە و لە بەشى کشتوکاڵى هەڵەبجە دادەمەزراوە. ساڵى ٢٠٠٤ بۆ ٢٠١٨ بەڕێوبەرى نەمامگەى سیروان بووە. دواتر بۆ ماوەى سێ ساڵ بەڕێوەبەرى ڕێنمایى کشتوکاڵى بووە لە هەڵەبجە. ساڵى ٢٠٢٢ ماستەرى لە زانکۆى سنە بەدەستهێناوە و لەلایەن زانکۆى سنەوە خەڵاتى کەسى داهاتوو ڕۆشنى پێ بەخشراوە. لە ١ی ٣ی ٢٠٢٢ تا ئێستادا بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى بیارەیه. لەگەڵ چەندین ڕێکخراوى بیانیدا کاریکردووە.

زیاتر بزانە
بەڕێوەبەر

بەختیار حسین ئاغاوەیس

بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی هەڵەبجەیە. ساڵی ١٩٧٦ لە گوندی (هاوار) لەدایکبووە، پاش ڕاگواستنی گوندەکەیان لە ساڵی ١٩٧٨ خانەوادەکەیان گواستراوەتەوە ناو شاری هەڵەبجە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە شاری هەڵەبجە تەواوکردوە. ساڵی ١٩٩٦-١٩٩٧ لە کۆلیژی ئەندازیاری بەشی بیناکاری زانکۆی سلیمانی وەرگیراوە و لە ساڵی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠٠١ بڕوانامەی ئەندازیاری بەدەستهێناوە. لە ساڵی ٢٠٠٠ تا ٢٠٠٣ وەک ئەندازیار لە ڕێکخراوی (هابیتات و یوئێن دی پی) وەک ئەندازیار کاریکردوە، لە کەرتی گشتی و لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دامەزراوە. پلەبەندی هونەری و کارگێڕی لە کارەکەیدا بڕیوە و تا بووەتە جێگری بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی هەڵەبجە، لەپاش بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بووەتە بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی هەڵەبجە و بەردەوامە لەکارەکەی.

زیاتر بزانە
بەڕێوەبەر

بورهان فەرەج محەممەد

ناوی (بورهان فەرەج محەممەد حسێن)یە و بە (بورهانی حاجی فەرەج) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٤ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. ئامادەیی پیشەسازی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. ساڵی ١٩٩١ بە پلەی ملازم لە بەڕێوبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی دامەزراوە. دواتر لە ساڵی ٢٠٠٣ پیشەکەی گواستووەتەوە بۆ شاری هەڵەبجە و وەک لێپرسراوی یاریدەدەرێتیی ئاسایشی هەڵەبجە دانراوە. دواتر کراوە بە لێپرسراوی هۆبەی لێکۆڵینەوە و ڕامیاری لە ئاسایشی شارەزوو و تا ئێستا بەردەوامە.

زیاتر بزانە
بەڕێوەبەر