بەرزان حامید سەعید
ساڵی ١٩٧٣ لە شارەزوور لەدایکبووە. بەشی کوردی پەیمانگای مەڵەبەندی مامۆستایانی لە سلێمانی و دواتریش بەشی زانستە سیاسییەکان لە کۆلێژی یاسا و ڕامیاری لە زانکۆی گەشەپێدان تەواوکردووە. لە ساڵی ١٩٨٩ەوە لە بواری شانۆدا کار دەکات. وەک نوسەر، دەرهێنەر، ئامادەکار و ئەکتەر لە دەیان شانۆ و ئۆپەرێتدا بەشداربووە. لەوانە(مەسەلەی ویژدان، نرخی ئازادی، ئافاتی عیشق، دوونامە، گیانی نیشتمانپەروەری نامرێت، زەماوەندی مەرگ). ئامادەکار و دەرهێنەری فیلمی دۆکیۆمێنتی(ڕێگایەک بەرو خۆر، پیاوێک لەو نەسیمی شۆڕش، ژیان بە فڵچەکانی لهۆن)ـە. وەک ئەکتەر لە فیلمەکانی (ئەوڕۆژەی بابانۆیل گریا، تیرۆرستێک دادەبەزێت) بەشداربووە. بۆماوەی پێنج ساڵ بەڕێوەبەری نوسینی گۆڤارەکانی (هەڵەبجە، گۆران) بووە. زیاتر لە ١٥ خەڵاتی بەدەستهێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. لە ئێستادا ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییە و لە سلێمانی دەژی.
حەسەن شێخ عەبدوڵا
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییە. ناوی (حەسەن عەبدوڵا مستەفا مەعروف)ـە و بە (شێخ حەسەنی شێخ عەبدوڵا) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٤ لە گوندی (عەبابەیلێ) لەدایکبووە، قۆناغی بنەڕەتی لە عەبایەیلێ و ھەڵەبجە و پاشان زانکۆی ئیسلامی کۆلێژی بانگەوازی لە بەغداد خوێندووە. خۆی و ھاوسەرەکەی بەرکەوتوانی چەکی کیمیاویین چارەسەر وەردەگرن. ساڵی ٢٠٠٥ بووە بە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی. چەند بابەتێکی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوکردووەتەوە.
خەديجە عەبدولجەبار
ئەندازيار و ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانییە. ناوى (خەديجە عەبدولجەبار ئەحمەد)ە. ساڵی ١٩٧١ لە گەڕەکى (سەرا) لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بڕوانامەی بەکالۆريۆسى لە ئەندازيارى (بەشى شارستانى) لە زانکۆى سەڵاحەدين بەدەستهێناوه. ماوەيەک جێگری سەرۆکی شارەوانیی شارەدێی (سيروان) و لێپرسراوی بەشەکانی هونەری و موڵکایەتی و پلاندان بووە. لێپرسراوی هەردوو هۆبەی (ئەندازیاريی و پڕۆژەکان) بووە لە سەرۆکایەتیی زانکۆی هەڵەبجە. لە دامەزراندنی زانکۆی هەڵەبجەدا سەرۆکی لیژنەی ماستەرپلانی کەمپی زانکۆ بووه. سەرۆکی لیژنەی سەرپەرشتیکردنی بینای بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆی هەڵەبجه بووە. ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە. ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانييه. ژمارەيەک وتار و بابەتی کۆمەڵایەتی لە ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردييەکاندا، بڵاوکردووەتەوە.
مەھدی مەحموود
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و وەرزشەوانی دێرینە. ناوی (مەھدی مەحموود محەممەد میرزا)یە و نازناوی (مامۆستا مەھدی)یە. ساڵی ١٩٦٠ لە شاری ھەڵەبجە لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لە ھەڵەبجە تەواوکردووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە کارگێڕی و ئابوری لە زانکۆی موسڵ بەدەستهێناوە. چەند ساڵێک لە سنوری ھەڵەبجە و سلێمانی مامۆستا بووە. ساڵی ٢٠١٤ بووە بە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی. سەرەتای وەرزشیی دەگەڕێتە بۆ قۆناغی سەرەتایی و بەشداریکردنی لە ڤێستیڤاڵی ساڵانەی قوتابخانەکان. بۆ یەکەمجار وەک تیپی میللی لە تیپی وەرزشی مەهاباد لە هەڵەبجە ساڵی ١٩٧٦ – ١٩٧٩ یاریکردووە.