عومەر شیرەمەڕی
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-07
مامۆستا، پێشمەرگەی دێرین، جێگری وەزیری پەروەردە، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستانە. ناوی (عومەر حەمەساڵح ئەحمەد)ە. ساڵی ١٩٥٣ لە گوندی (عەبابەیلێ)ی نزیک شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زمان و ئەدەبی کوردیدا بەدەستهێناوە. ساڵی ١٩٧٦ لە گوندی (شیرەمەڕ) وەک مامۆستا دامەزراوە و بە (عومەر شیرەمەڕی) ناسراوە. چەند پۆستێکی لە بواری پەروەردەدا بڕیوە: (بەڕێوەبەر ١٩٩٤، مامۆستا لە پەیمانگا ٢٠٠١، سەرپەرشتیار ١٩٩٦، سکرتێری یەکێتی مامۆستایان ٢٠٠٢، ڕاوێژکار لە وەزارەت ٢٠٠٣، بریکاری وەزارەت ٢٠٠٤ بۆ ٢٠٠٦ و دواتریش بووە بە ڕاوێژکاری پەروەردەیی لە سەرۆکایەتی هەرێم). ساڵی ١٩٧٥ کاری ڕێکخستنی دەستپێکردووە و بەو هۆیەوە ساڵی ١٩٧٧ بۆ ١٩٧٨ زیندانی کراوە. ساڵی ١٩٨١ بووە بە پێشمەرگە. ساڵی ٢٠٢٠ بە نەخۆشی کۆرۆنا کۆچیدواییکردووە و لە شاری سلێمانی بەخاکسپێرراوە و هەر لەم شارە باخچەیەک لە گەڕەکی مامۆستایان بەناویەوە ناونراوە.
سەرچاوەکان:
- گفتوگۆی پارێزەر (دلێر فەرەج)ـی برازای (عومەر شیرەمەڕی) لەگەڵ (ئارێز عومەر شیرەمەڕی)ی کوڕی (عومەر شیرەمەڕی)، لە ٢٠ی ٣ی ٢٠٢٤.
- ژیاننامەی (عومەر شیرەمەڕی) بە دەستخەتی خۆی، کە لە ڕێگەی پارێزەر (دلێر فەرەج)ـی برازایەوە بۆ ئامادەکار نێرراوە، لە ١ی ٤ی ٢٠٢٤.
ئامادەکردنی: ڕێبوار حەمەتۆفیق