ملەی گەچێنە

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08


لاپەڕەی 209

بەرزایی

کەوتووەتە سنوری گوندی (چنارەوە). (١٣٦٦م) لەنزیک (چیای باڵامبۆ) هەڵکەوتووە. بەشی کۆتایی چەمی دۆڵی (دڵی)، کە لەچاوگی باوەکۆچەکەوە دەستپێدەکات، پێکدەهێنێت. ڕێگەی گوندەکانی (چنار و مۆردین و گردەناوێ و دەوەرە) لێرەوە جیادەبێتەوە. ناوەکەی بۆ بوونی خاکێک دەگەڕێتەوە، کە وەک (گەچ) وایە. دانیشتوانی ناوچەکە بۆ کاروباری سواغدانی ناوماڵ و سەربان و دروستکردنی خانو و دیوار بەکاریانهێناوە. لە ڕووی ئاوهەواوە، زستانان بەفرێکی زۆری تێدا کۆدەبێتەوە، تا سەرەتای بەهار دەمێنێتەوە. هەندێک جار بەهۆی زۆریی بەفربارینەوە لەم ملەیەدا، ڕێگەی هاتوچۆی گوندەکان ئەستەم دەبێت. بە هاوینیشدا شنەبایەکی فێنکی هەیە. لەسەر ئەم ملەیە، دیمەنێکی جوان لە دۆڵ و شیوی ناوچەکە دەبینرێت. هەروەها زۆر بە ئاسانی گوندەکانی ئەوبەری سیروان لە دیوی خۆرهەڵاتی کوردستان و ڕێگاکـانی هـاتوچۆیـان، بەرچـاوی بینەر دەکەون.

سەرچاوەکان:

  1. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (سەردەشت میر ئەحمەد محەممەد)ی لەدایکبوو: ١٩٨٤، دانیشتوو‌ی هەڵەبجە، بڕوانامە: دبلۆم، پیشه: مامۆستا، لە ٢٠ی ١٢ی ٢٠٢٢.

ئامادەکردنی: کارزان عەدنان حەمەسەعید

5

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

هۆبە

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (خەرپانی) و تەنیشت بەرزایی (ڕێزەخاڵ). زیاتر وەک هاوینەهەوارێک بەکارهاتووە و ژمارەیەک باخ و کانی و ئاوی سازگاری تێدایە. شوێنی حەوانەوە و پشوودانی (شێخ عەبدوڵای خەرپانی) بووە. دەوڵەمەندە بە ئاوی ژێرزەوی و خاکێکی بەپیتی هەیە. لە لێژایی و قەدپاڵیدا گۆڕستانی شێخەکانی خەرپانی لێیە.

قولەی فەقێیان

دەڕوانێت بەسەر شوێنە نزیکەکانی گوندی (چنار)دا. بەرزاییەکە بەناوی فەقێکانی گوندی (چنار)ەوە ناونراوە و فەقێکان لەوێ دانیشتوون و خوێندوویانە. لە ژێر ئەم بەرزاییەدا، دوو ئەشکەوتی بەناوبانگ هەیە، کە پێیاندەوترێت کەورگی زوڵفەقار و ڕەحمان جۆڵەک. پلەکانی کەوگێزە لەبەردەمیدایە و زەوی مەلا عەلی و کۆڵیتان دەکەونە بەرانبەریەوە.

کەکەوان

کەوتووەتە سەر ڕێگای مڵەخورد و کانییەکی تێدایە، کە ڕێبواران و کەسانی دیکە دەچنە سەردانی چیاکانی ناوچەکە. (١٨٥٩م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە و دەڕوانێت بەسەر دۆڵی زەڵم و کەڕەجاڵ و دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵ و باڵندەی کێوی.

کڵاشدڕ

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (دەڵەمەڕ) لە بناری شاخی شنروێ. لە ڕووی تۆپۆگرافیەوە بەرز و ئەندازەيەک سەختە، بەهۆی سەختی و پێکهاتەی تاوێر و بەردەکانییەوە، بە کڵاشدڕ ناونراوە. دۆڵ و شیوی تێدایە و زیاتر وەک لەوەڕگا بەکارهاتووە.

گێجێ

کەوتووەتە دەشتی سازان و لە بەشی کۆتایی دەشتەکەیە. دەڕوانێت بەسەر ڕوباری سیروان و چەمی ئاوەمار. هۆکاری ناوهێنانەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە قولەیەکی بەرزی هەیە، ئەگەر سەیری چەمی سیروان کرابێت لەسەریەوە، سەر گێژی خواردووە.

لاهاڵی

کەوتووەتە نێوان کەورگی (ئەیاڵە مەڕ و تەپی ترجان)ەوە. لە گوندی (دەرەتوێ) هەڵکەوتووە. شوێنەکە لمی سوری تێدایە، کە بەهۆی ڕاماڵینی بارانەوە لەوێدا دروستبووە. ئەم شوێنە زیاتر وەک ناونیشانێکی ناوچەکە بەکاردێت.