باوەیسی
کەوتووەتە باشوری گوندی (هانەیدن)ی سەر بە شارۆچکەی (بیارە). ڕێگەی سەرەکیی ئۆتۆمبێل بۆ گوندەکە و مەرزی (سیپە)، بەسەر ئەم پردەدا تێپەڕدەبێت. مێژووەکەی بۆ ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە. سەرەتا بە جەمەلۆن و لە شێوەی بۆری بووە، دواتر لە ساڵی ٢٠٠٥، کە ڕێگەکە قیرتاوکراوە، پردەکەش کراوە بە کۆنکرێت. درێژییەکەی (١٠م) و پانیپەکەی حەوت مەترە. ئاوی (دەرەوباوەیسی) بەژێردا تێپەڕدەبێت. جیا لە خەڵکی گوندی (هانەیدن)، گوندەکانی (دەرەیمەڕ) و کاسبکارانی مەرزی سیپە و گەشتیارانی سودیلێدەبینن.
بیارە
کەوتووەتە سنوری شارۆچکەی (بیارە). لەسەردەمی مەلیک فەیسەڵی دووەمدا و لە ساڵی ١٩٥٤دا لە لایەن بەڵێندەرێکی عەرەب، بە ناوی (عەلوان)ـەوە جێبەجێکراوە. بە دیواری بەرد، پایە و شێلمانی ئاسن و کۆنکرێت، بە درێژایی (٤٠م) پانی و حەوت مەتر درێژایی، لەسەر چەمی بیارە دروستکراوە. لە شەڕی عێراق و ئێراندا پردەکە لە لایەن ئێرانەوە تەقێنراوەتەوە و پاش جەنگەکه، لە تەنیشتییەوە پردێکی سەیاری ئاسن دانراوە. دوای ڕاپەڕین پردە کۆنەکە دروستکراوەتەوە و چەندجارێکیش چاکسازی تێدا کراوە. لە ئێستادا درێژیی (١٥م) و پانیی حەوت مەتر دەبێت و کابینەی پۆلیسی هاتوچۆ و پەیکەری عوسمان هەورامی لە نزیکیدا دانراوە.
تەکیە
کەوتووەتە باشوری گوندی (تەکیە)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ)، لەسەر چەمی زەڵم دروستکراوە. ساڵی ١٩٨٥ لەلایەن حکومەتەوە دروستکراوە. سەرەتا هەر هەشت جەمەلۆنەکە و لە ئێستادا تەنها چواریان بەکارهێنراوە. دانیشتوان و ئۆتۆمبێلەکانی سەر ڕێگای گوندەکانی (تەکیە، شیرەمەڕ، بانیشار، عاموورە و ئاوایی حاجی حەمەومین) کەڵکی لێدەبینن. درێژییەکەی (٢٠م) و پانییەکەی (١٠م) دەبێت. ئاوی چەمی زەڵم بەژێریدا تێپەڕدەبێت.
خارگێڵان
کەوتووەتە سنوری گوند (خارگێڵان)، لەسەر جادەی (هەڵەبجە - خورماڵ - هەورامان) لەسەر چەمی دەرەقووڵە. لەسەردەمی پاشایەتیدا لە دەوروبەری ساڵی ١٩٥٤ بە شێلمانی ئاسن و دیوار و کۆنکرێت و دروستکراوە. بەڵێندەرەکەی (حەمەساڵحی ڕابە) بووە. ساڵی ١٩٨٨ بە هۆی بوردومانەوە زیانی پێگەیشتووە. لەلایەن ئێرانییەکانەوە لەنزیکیدا پردێکی تری سەفەری دروستکراوە. گەرچی دوای ڕاپەڕین چاکسازی تیداکراوە، بەڵام بەهۆی مەترسییەوە ساڵی ٢٠١٠ لەلایەن حکومەتەوە دروستکراوەتەوە. بەرزییەکەی سێ مەتر و درێژییەکەی هەشت مەتر و پانییەکەی شەش مەتر دەبێت.
زەڵم
کەوتووەتە سنوری گوندی (گردیگۆ). شارۆچکەی (سیروان) و (خورماڵ) بە قەزای (سەیدسادق)ەوە دەبەستێتەوە. ئاوی ڕووباری (زەڵم)ی پێدا تێپەڕدەبێت و دەڕژێتە دەریاچەی (دەربەندیخان)ەوە. وەک سەیرانگا و ناوچەی گەشتیاری خەڵکی سەردانیدەکەن. لە شەڕی عێراق و ئێراندا تەقێنراوەتەوە و دووبارە دروستکراوەتەوە. چەندین ڕووداوی سەربازی لە شۆڕشەکانی ناوچەکە، تێیدا ڕوویداوە و بە خاڵێکی گرنگی ستراتیجی هەژمارکراوە. درێژییەکەی (٤٥م)ە. دەکرێت پەرەی پێبدرێت و ببێتە ناوچەیەکی گەشتیاری.
گەڕیات
کەوتوەتە سەرەتای شارەدێی (تەوێڵە) و لەسەر چەمی خواروی تەوێڵە هەڵبەسراوە. هەڵبەستنی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی بیست و یەکەمجار دارین بووە و چەندین جار ئاو بردوویەتی. شارەدێیەکە دەبەستێتەوە بە ڕێگەی مەرزی شۆشمێوە. لە ناوەڕاستی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو بە دواوە و لەگەڵ هاتنی جادە بۆ تەوێڵە، چاکسازی تێدا کراوە و لە دوای ڕاپەڕین زیاتر بایەخی پەیدا کردووە و لە ئێستادا بە ئاسن و کۆنکرێت نزیکەی (١٠م) درێژ و ٦شەش مەتر پانی، دروستکراوە. چووەتە ناو گۆرانی و ئەدەبی میللی ناوچەکەوە.