قاوەخانە دێرینەکانی سنوری گوندی
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
لە ناوەڕاستی سەدەی بیستدا، ئەم چایخانە و قاوەخانانە لە سنوری گوندی (بەڵخە)ی سەر بە هەورامان هەبوون:
١- فەتحە: خان و قاوەخانە بووە. کەوتووەتە سەر جادەکەی گوندی(بەڵخە)ی هەورامان. جێگەی ٣٠ کەسی تێدا بووەتەوه، خانەکەی ٥٠ وڵاخی گرتووە. ساڵانی ١٩٦٠دا ڕادیۆی تێدا دانراوە.
٢- جەمیل بەگ: خان و قاوەخانە بووە. کەوتووەتە سەرووی سەروەزەنی گوندی (بەڵخە)ی هەورامان. چا و قاوەشی تێدا پێشکەشکراوە. جێگەی ١٥ کەسی تێدا بووەتەوە خانەکەی ٢٠ وڵاخی گرتووە.
٣- مێشلە: خان و قاوەخانە بووە. کەوتووەتە سەر جادەی (مێشلە)ی سەر بە گوندی (بەڵخە)ی هەورامان. (حاجی ئەحمەدی حەیدەر) خاوەنی بووە. چا و قاوەشی تێدا پێشکەشکراوە. جێگەی ٢٥ کەسی تێدا بووەتەوە و خانەکەی ٣٠ وڵاخی گرتووە.
٤- ئەمینەخاڵە: کەوتووەتە سەر ڕێگەی کۆنی (هەورامان – هەڵەبجە) لە شاخی کەرکۆڵی لەسەر یاڵی(ملەگا)ی گوندی بەڵخەدا بووە، پێشتر هی باوکی بووە، جێگای ٥٠ میوان و خانەکەیشی جێی ٣٠ وڵاخی تیابووەتەوە، بێجگە لە چا، هاوینان شەربەتی سارد و بەفریشی تێدا فرۆشراوە.
٥- مام عینایەت فەتحوڵڵا: کەوتووەتە لای گوێزی سەر ئاساو لە گوندی بەڵخەی سەروو، ئەمین بەگ خاوەنی بووە، کەبابخانەشی تێدابووە و بەیانیان گوێزی تێدا فرۆشراوە.
٦-سەروەزەن. لەسەر جادە بووە، بەڕووی گوندەکەوە، ساڵی ١٩٦٥ ئەبوبەکر حەمەعەزیز کردوویەتیەوە. خانی وڵاخیشی هەبووە، لە شوێنیدا دوای ڕاپەڕین، مام تایر دووبارە چاخانەی تێدکردووەتەوە و بەردەوامی پێداوە.
٧- بەنەن: کەوتووەتە سەر ڕێگەی خەرپانی -بەڵخە لە شاخی بەنەن، لە لایەن حاجی ئەمینەوە دانراوە. بێجەگە لە ڕێگەی قیری سەرەکیی بیارە - بەڵخە، ڕێگەییەکیش لە خەرپانییەوە دەچێتە بەڵخە و هاتوچۆکەری هەبووە، بۆیە لەوێش چاخانە دانراوە.
سەرچاوەکان:
- بەڵخە ئەستێرە شاراوەکەی هەورامان، بەهجەت ڕەحمان، چاپی یەکەم، چاپخانةى ماردين، هەولێر، ٢٠٠٦، ل٧٨.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (عوسمان خالد عەبدولقادر)، لەدایکبوو: ١٩٤٣، پیشە: خانەنشین، لە ٢٧ی ١ی ٢٠٢٤، لە هەڵەبجە.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (شەوکەت سان ئەحمەد حەەڕەشید)ی ناسراو بە (شوکت لهۆنی)، لەدایکبوو: ١٩٥٠، ئاستی خوێندەواری: هەتا قۆناغی دووەمی ناوەندی، لە ١٨ی ٣ی ٢٠٢٣.
- بەڵخە، زایر مصطفی خدر، چاپی یەکەم، چاپخانە ؟، ٢٠٢٢، ل٨٧
ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم