کەرتی پیشەسازی
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
یەکێکە لە کەرتە سەرەکییەکانی ئابوریی هەڵەبجە. بەشی زۆری ئەو پیشەسازیانەن بە میرات ماونەتەوە و لە خانەی پڕۆژەی بچووکدا دەبینرێن. لە نیوەی دووەمی سەدەی ڕابردوودا لە هەڵەبجە ژمارەیەکی باش لە پیشەسازیی گەورە و بچووک هەبوون. وەک کارگەی ڕستن و چنین و دوورین لە سیروان، کارگەی پیرەمەگروون و ئاشتی بۆ سۆدە و سیفۆن، خشتی سوور و گەچ و قسڵ لە بامۆک، دروستکردنی شاڵ و جاجم و بەرماڵ و کڵا و گۆرەوی و پشتوێن، دەرهێنانی بەرد و نەقاڕکردنیان لە کانەبەردەکانی باوەکۆچەک و چاوگ و عەبابەیلێ و دەڵەمەڕ و کانی هەنجیر و کانی ماران. کارگەکانی چلورە، دروستکردنی خشتی وشک، کارگەی بلۆکی دەستی، دەرهێنانی گڵی سپیی عەبابەیلێ، کارگەی بلۆکی ئۆتۆماتیکی هەڵەبجە و سیروان، کارگەی دروستکردنی شانەی دار،... هتد. هەردوو دامەزراوەی پیشەسازیی تەواوکەر و نیمچە پیشەسازیی پوختەکردنی توتن و گەنجینەی هەڵگرتنی پەتاتە لە سیروان، کە کارەساتی کیمیابارانی ١٩٨٨ لەناویبردوون. ئێستا چەند کارگەیەکی ڕۆن و دۆشاو و کونافە و سەهۆڵ و شیرنەمەنی و بەهارات و لەقوتوونان و چەند پیشەسازییەکی تری وەک فڕنەکان و دروستکرنی دەرگا و پەنجەرەی پلاستیک و ئەلەمنیۆم و دەکت و سەنتەری دروستکردنی دان، هەن. فەرمانی هێنانەکایە و کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گەشەپێدانی پیشەسازیی هەڵەبجە لە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی پێویستیی گرنگی کەرتەکەیە.
سەرچاوەکان:
- هەڵەبجە، یادەوری و شارستانێتی، محمەد غەفور شەریف بەرگ، هەرێم عوسمان، چاپی یەکەم، کارۆ، ٢٠٢٢ل ٣٥٢-٣٥٤.
- ڕاپۆرتی ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠٢٢ز ڕێکخراوی هەڵوێست بە هاوکاری ڕێکخراوی NED جێبەجێیان کردووە.ل١٩٤.
ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم