هاوار - دەرەتوێ
ڕێگەیەکی خۆڵ و بەردەڵانە و بە ناوچەیەکی شاخاویدا دەڕوات. لە سێڕیانی (چوار وەشە) لە گوندی (هاوار)ەوە دەستپێدەکات به ئاڕاستەی خۆرهەڵات بۆ (سەرقەوران)ی گوندی هاوار بەرزدەبێتەوە و بۆ (چاڵە خەڵوزێ) و کانی (وێشەڵان) و بەرەو (سەرکەورگان) و کەلی (شەڕێ) و (هەرمێلێ) و هەتا بەردەمی (کەلی گاکوژە) لە سنوری (ئێران - عێراق). بە دەستەچەپدا دەچێتە (موڵکە ڕەش) و (کانیە گەورێ) و پاشان دەڕواتە ناو گوندی (دەرەتوێ). درێژییەکەی لە سێڕیانی (ملەقەوی) لەگوندی (عەنەب) و (بیاوێڵە) هەتا گوندی (دەرەتوێ) نزیکەی ١٩کم دەبێت، بەڵام لە سێڕیانی (چوار وەشەوە) لە ناو گوندی (هاوار) تەنها (٦.٤کم) دەبێت و بە چەندین چەم و دۆڵدا تێپەڕدەبێت. بە ڕێگەیەکی سەرسنوریش دادەنرێت و بەدرێژایی سنوری (عێراق – ئێران) لە ناوچەکە درێژدەبێتەوە هەتا دەگاتە بەرزاییەکانی بەرانبەر (دۆڵبیان) و لەوێوە دەڕواتەوە (شارەدێی تەوێڵە).
هاوار - هاوارەکۆن – گریانە
ڕێگەیەکی خۆڵە. لە سێڕیانی(چوار وەشە) لە باکور و خۆرهەڵاتی گوندی (هاوار)ەوە دەستپێدەکات، بە پێنج (لۆفە) لە (هاوار)ەوە دەڕواتە (کەلی گوڵێ) و دواتر بۆ (خەلیفە قەمەر) لەوێوە بۆ (پلە سوور) و(شانی کێشان) و دواتر بۆ چەمی (دەرەی ناوێ) و (مەییانێ) پاشان بۆ دەستە ڕاست بۆ (قەڵای هاوارەکۆن و کانیی هاوارەکۆن). بە دەستە چەپ بۆ (چەمی زەوار) و دواتر بۆ ناو گوندی (هاوارەکۆن) لە باکور و خۆرهەڵات. درێژیی ڕێگەکە لە خاڵی دەستپێکەوە (٤.٥کم) دەبێت هەتا دۆڵی (گریانە) و (٣.٣کم) درێژدەبێتەوە هەتا دەگاتە گوندی (گریانە).
هەڵەبجە - تاوێرە – هاوار
ساڵی ٢٠١٤ بەشێوەی یەک ساید قیرتاوکراوە. بە ناوچەیەکی شاخاویی سەختدا تێپەڕدەبێت و بە ڕێگەی سەرەکیی گوندەکانی (تاوێرە، هاوار، هاوارەکۆن و دەرەتفێ) دادەنرێت. چەندین لۆفە و لێژاییی سەختی تێدایە. ئەم ڕێگەیە لە گوندی عەنەب و لە کەلی (ملەقەوی)ـەوە لە باکور و خۆرهەڵاتەوە دەستپێدەکات و ڕێگەی گوندی (دەرەشیش)ی لێجیادەبێتەوە. دواتر دەڕواتە کەلی بیسان و لەوێوە بەرەو (سەرکەن) لێژدەبێتەوە. دواتر بۆ (کانی گەرم) و گوندی (تاوێرە) لە باکور و خۆرهەڵات دەڕوات. درێژییەکەی لە خاڵی دەستپێکەوە (٨.٨کم) دەبێت. دواتر سەردەکەوێت بۆ کەلی (هەیشوور) دواتر بۆ بەردەم باخی (هەڵوژێ) لێژدەبێتەوە، پاشان دەگاتە باخی (دواوان) و مەزاری (شاخۆشینی لوڕستانی) و لەوێوە بۆ (زەوییە زوور)، دواتر دەگاتە (باسکی هاوار) و (باریکە) و سێڕیانی (چوار وەشە) لە باکور و خۆرهەڵات. درێژی ڕێگەکە لە خاڵی دەستپێکەوە هەتا گوندی (هاوار) (١٤کم) و پانییەکەی لەنێوان (٦ بۆ ٨م)ـە. لەم گوندەوە ڕێگەکە دەبێتە سێڕیانێکی خۆڵ و بە ئاڕاستەی خۆرهەڵات و گوندی (دەرەتفێ) و بە ئاڕاستەی باشور بەرەو (هاوارەکۆن) و (گریانە) دەڕوات.
هەڵەبجە - دەریاچەی دەربەندیخان
لە بازگەی سەرەکیی هەڵەبجەوە دەستپێدەکات. ڕێگەیەکی یەک سایدی پڕ لە چاڵوچۆڵییە. بە دەشتێکی بەپیتدا تێپەڕدەبێت. لە سنوری گوندەکانی (ئیمامی زامن و غوڵامی خوارووی تازە و کۆن). جگە لە ڕێگەی سەرەکیی ئەم گوندانە، ڕێگەی چەندین گوندی دیکەی وەک (گورگەچیا، بێژاوا، کانی تو)ە. ئەم ڕێگەیە بە دروستکردنی پردی (تووەقوت) پارێزگای هەڵەبجە و (ئیدارە گەرمیان) پێکەوە دەبەستێتەوە. دەبێتە یەکێک لە ستراتیجیترین ڕێگەکان و دەروازەیەکی دیکە بۆ شارەکە دەکاتەوە. ساڵی ٢٠٢٤ سەرۆکی حکومەت لە کابینەی نۆیەم بەردی بناغەی داناوە و بودجەی بۆ تەرخانکراوە. بەڕێگەی توەقووت – فلیجەش ناودەبرێت.
هەڵەبجە – سیروان
تاکە ڕێگای سەرەکیی شاری هەڵەبجەیە، درێژییەکەی لە (بازگەی زەمەقی)ەوە بۆ سەنتەری شارۆچکەی (سیروان) (٧.٥کم) دەبێت. دوو سایدە و فراوانە. ڕووناکی بۆ دانراوە، چەندین پڕۆژەی کەرتی تایبەتی کەوتووەتە سەر. کاتێک دەگاتە ڕێگە نوێیەکەی (تەپەتۆڵەکە)، هەڵەبجە و شارۆچکەی خورماڵ پێکەوە دەبەستێتەوە. جگە لەوەی، کە ڕێگەی چەندین گوندی دەشتی شارەزوری دێتەوە سەر.
هەڵەبجە – هەورامان
شاڕێگەیە. شاری هەڵەبجە و ناوچەی هەورامان بەیەک دەگەیەنێت. لەبەشی باکوری خۆرهەڵاتی شاری هەڵەبجە لە (پزیشکی دادی هەڵەبجە و بنکەی پۆلیسی دارستان و کۆگای دەرمانی هەڵەبجە)وە دەستپێدەکات بە ئاڕاستەی گوندی عەنەب و بیاوێڵە. درێژیی لەخاڵی دەستپێکەوە هەتا کانیی (ملەقەوی) و ڕێگەی هاوار لە بەری خۆرهەڵات، نزیکەی دوو کیلۆمەترە. پاشان بەرە و (بازگەی دەرەشیش) دەڕوات و لەوێوە بە ئاڕاستەی خۆرهەڵات لادەدات، هەتا دەگاتە لێژایی (مەکینە هەڵدێر) و بە کەناری دەشتی (سەبان)دا دەڕوات، پاش بڕینی نزیکەی شەش کیلۆمەتر لە خاڵی دەستپێکەوە ڕێگەی گوندی (خەرپانی) لێجیادەبێتەوە. دواتر بەرەو ئاڕاستەی گوندی (خارگێڵان) و بەناویدا تێپەڕدەبێت. دواتر بە ئاڕاستەی سێڕیانی ڕێگەی سەرەکیی (هەورامان – خورماڵ) لێژدەبێتەوە. بەهۆی ئەوەی بە ناوچەیەکی دەشتایی گونجاودا تێپەڕدەبێت، بواری فراوانکردنی زۆری هەیە. لە کەناریدا چەندین ڕیستۆرانت و باخی میوە و پڕۆژەی جۆراوجۆر (لەنێو گوندی عەنەب و بیاوێڵە) دامەزراوە. ئەم ڕێگە دەڕواتەوە سەر ڕێگەی سەرەکیی (بیارە – خورماڵ) و شاری هەڵەبجە دەبەستێتەوە بە ناوچەی هەورامانەوە.