دەرهێنانی مووی محاسینی پێغەمبەر

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-16


چەند تاڵە موویەکی ڕیشی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ)ـه،‌ کە لەسەر دەستی شێخ ئەحمەد کوڕی شێخ عوسمانی نەقشبەندیی تەوێڵە دەهێنرێن. لە سەفەرێکدا، کە لە ساڵی ١٢٩٩ کۆچی بۆ حەجکردن ئەنجامیدەدات، پاش سەفەرەکەی بە هاوەڵی موریدان دەچێتە ئەستەنبوڵ بۆ لای سوڵتان عبدالحمیدی عوسمانی. شێخ ئەحمەد چەند داواکاریەک لە سوڵتان دەکات؛ یەکێکە لەوانە موی محاسینی شەریفەیە. ئەم تاڵە مووانە سەرەتا لە مزگەوتی گوندی ئەحمەدئاوا بوون. دوای وەفاتی شێخ ئەحمەد، تاڵە مووەکان دەخرێنە شوشەیەکی سەرقەپات و لە سندوقێکی پۆڵادا گوزراونەتەوە بۆ خانەقای بیارە. چونکە ئەوکات شێخ عومەری بیارە لەوێ بووە. هۆکاری گواستنەوەکەش ئەوە بووە گوایە نەوەکانی شێخ ئەحمەد نەیانتوانیوە خزمەتی پێویست بەو مووانە پێشکەشبکەن. ئەم تاڵانە زۆرجار لە ساڵانی قاتوقڕی و ئەنجامدانی نوێژەبارانە دەهێنرێنە دەرەوە. مەحاسینی شەریفە یەکێک لە حەوت شتە پیرۆزەکەی پێغەمبەر(مێزەرەکەی، عەمامەکەی، شمشێرەکەی، عەباکەی، کراسەکەی، دانی). تاسەردەمی ئەمەوی و عەباسی لە مەککە بوون و پاش ئەوەی، کە خەلافەت کەوتووەتە دەست عوسمانییەکان، دەیانگوازنەوە بۆ ئەستەنبۆل. حەوت تاڵەمووی ڕیشی پێغەمبەرن (د. خ). لە ناو شووشەیەکی بچووکدان لە سندوقێکی پۆڵاییندا. سوڵتان عەبدالحمیدی عوسمانی بە دیاری بەخشیونی بە شێخ (ئەحمەد شمس الدینی کوڕی شێخ عوسمان). شێخ ئەحمەد لەسەرەمەرگدا چوار تاڵیان دەداتە شێخ حیسامەدینی برازای و دەبرێنە خانەفای تەوێڵە، سێ تاڵیشیان دەداتە شێخ نەجمەدینی برازای بۆ خانەقای بیارە و لە ژووری تایبەتی شێخ عومەردا دانراون. لە کاتی بێبارانیدا وەک نەریت ئەم مووانە دەردەهێنرێن.

سەرچاوەکان:

  1. سەربوردێکی هەورامان و سەردانێکی تەوێڵە، عبدالرزاق عبدالرحمان محمد، چاپی یەکەم، تاران، ٢٠٠٥، ل٥٨٧.
  2. نەقشبەند و نەقشبەندیەکان، عەبدوڵا مەلا ئەحمەد، ئەحمەدئاوایی، چاپی یەکەم، ٢٠١٨، ل١٨٤.
  3. یادی مەردان، مەلاعەبدولکەریمی مودەڕیس، بەرگی دووەم، چاپخانەی کۆڕی زانیاری عێراق، بەغداد، ١٩٨٣، ل٢٧٨.
  4. چەردەیەک لە مێژووی ئەحمەد ئاوا، محەمەد سابیر ئەحمەدئاوایی، چاپخانەی ڕێدار، چاپی یەکەم، ٢٠٢١، ل١٦-١٨.

ئامادەکردنی: کارزان عەدنان حەمەسەعید,هومایون ساحیب کەریم

4

هاوبەشی پێبکە