ژیلاو مەرێ
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
ئەنجوومەنی ڕاوێژکاری و بڕیاردانی هەڵبژێردراوی هەورامانە. هەر چوارساڵ جارێک لە هەموو گوندەکانی هەوراماندا لە لایەن پیرەوە، تەواو بوونی ماوەی حوکمڕانیی (ژیلا)ی پێشوو، هەڵبژاردنی (ژیلا)ی نوێ ڕاگەیەنراوە. پاڵێوراوانی ئەم ئەنجوومەنە لە خەڵکانی (دانا و زانا و هۆشیار و حەکیمان و خزمەتگوزاران)ی ناوچەکە بوون. ٢ بۆ ١٥ کەس پاڵێوراون و بە پێی گەورەیی و بچووکیی گوندەکان، ٤ بۆ ٧ کەس هەڵبژێرراون. بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکە پاک بێت و هەموو دەنگدەرێک کاندیدەکەی بناسێت، پانزە ڕۆژ پێش دەنگدان هەر پاڵێوراوێک بە میوە یان بەروبومێکی ناسراو و دیاری ناوچەکەیەوە دیاريکراوە. هەردوو ڕەگەز مافی دەنگدانیان هەبووە. دوای ئەوەی بە تاقیکردنەوەی هزری و جەستیی مافەکەی وەرگرتووە. سندوقی دەنگدانەکە پارچە قوماشێکی هەڵنەدووراو بووە. لەلایەن پیرەوە پیشانی دەنگدەران دراوە، دوای دڵنیابوون وەک توورەکە هەڵدووراوە و دەنگدانەکە دەستیپێکردووە. دوای ئەوەی دوایین کەس دەنگیداوە، توورەکەکە هەڵتەکێنراوە و لە بەردەم ئامادەبووندا دەستکراوە بە جیاکردنەوەی دەنگەکان و ژیلای نوێ هەڵبژێراوە. میوەکانیش بەشکراونەتەوە بەسەر ئامادەبوواندا. ژن مافی هەڵبژاردنی هەبووە و لە مێژووی (ژیلا)دا، ژن هەبووە سێ خول لەسەر یەک هەڵبژێردراوەتەوە. ناوەندی دەسەڵاتی ژیلا (ژیلای شاری هەورامانی تەخت بووە. وەک ئۆرگانێکی باڵا سەرپەرشتی ژیلای هەڵبژێردراوی گوندەکانی تری کردووە. چەندین ناو و شوێن هەن، کە لە هەوراماندا وشەی(مەرێ)یان پێوەیە)، وەک (مەڕۆ مەرێ، ئەشکەوتی مەرێ، چەمۆ مەرێ، چاوگی مەرێ، هانۆ مەرێ، کانی مەرێ، دەگاو مەرێ، دێی مەر). لە فەرهەنگ و باوەڕی هەورامییەکاندا نەریتەکە تێکەڵ بە پیرۆزی و ئەفسانە کراوە. ژیلا بە کەسێکی خاوەن پایە و لە خواترس چەسپاوە. لەکاتی بەفر باریندا وتوویەتی پەرژینی سەربانەکان بکەن ئیتر بەفر نەیگرتووە. یان لە گرانیدا وتوویەتی سەربانەکان پاک بکەنەوە و بەفرەکە بووە بە ئارد.
سەرچاوەکان:
- گەوهەری ژمارەیەک لە تێکست و دەستنوسەکان، ئەیوب کوێخا ڕۆستەم، چاپی یەکەم، چاپخانە: تەژنە، سلێمانی، ٢٠١٨، ل١٥-٢٠.
- سەربوردێکی هەورامان و سەردانێکی تەوێڵە، عبدالرزاق عبدالرحمن محمد، چاپی یەکەم، تاران، ٢٠٠٥، ل١٣١.
ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم