هۆرەکه
کەوتووەتە خۆرئاوای ناحیەی (بەمۆ) لە چیای خوشک و لە گوندی (گلێجاڵ). (١٢٧٤م) له ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.
وڵەهەش
کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی تاڤگە و گوندی (زەڵم). (١٨٣٩م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. کەوتووەتە دامێنی چیای کەرەس. بەسەر هاوینەهەواری تاڤگەی زەڵم و باخ و باخاتی دۆڵی زەڵم و وشکەناودا دەڕوانێت. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵی کێوی بە تایبەتی ورچ. خودی ناوەکەشی هەورامییە و بە کرمانجی ناوەڕاست/سلێمانی، واتە کونە ورچ. زۆرجار گروپە شاخڕەوییەکانیش سەردانیدەکەن بۆ وەرزش و کات بەسەربردن.
قووتی هۆرەکە
کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (گڵێجاڵ). یەکێکە لە لوتکە بەرزەکانی چیای خۆشک. (١١١٢م) لەئاستی دەریاوه بەرزە. چەندین کەلێنەشاخ و ئەشکەوتی تێدایە، کە بووەتە جێگە حەوانەوەی ئاژەڵە کێوییەکان.
کەمەرە سوور ١
کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی هانەیدن و سەرگەت. (١٦٨٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەڕوانێتە سەر دۆڵی شەڵواندڕ و دۆڵی دەرەولێ، سنوری نێوان زەوی گوندی هانەیدن و گوڵپ پێکدەهێنێت. لە بەهاردا خەڵکی بۆ هێنانی گژوگیای بەهاری سەردانیدەکەن، بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵی و باڵندەی کێوی دەوڵەمەندە.
مای قاژان
لوتکەیەکی بەرزە و قولەیەکی سروشتیی گەورەی پێوەیە. لەسەر شاخی کەوگێزەیە لە سنوری گوندی چنار و دەوەرە. دەڕوانێت بەسەر ڕوباری سیروان و گوندەکانی بەورۆڵ و سیمان لە خۆرهەڵات. سەختە و توانای هەڵزنانی نیيە. بەناوی باڵندەیەکەوە ناونراون.
مەڕدێیەکان
کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای گوندی (یاڵانپێ). (١٢٠٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بەسهر ناوچەکانی چواردەوری لە گوندی یاڵانپێ و بانیشار و دەشتی شارەزووردا دەڕوانێت. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و لە وەرزی بەهاردا خەڵک بۆ هێنانەوەی گژوگیای بەهارە سەردانیدەکەن. ئەم لوتکە چیایە ساڵانە ڕێژەیەکی باش دابارینی هەیە و دەبێتە سەرچاوەی ئاوی کانییەکانی سەرەوە، کە ناومان هێنان.