گوڵپ
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-15
کەوتووەتە سنوری گوندی (گوڵپ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باکوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باشوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە. ئاوی چەندین چەمی تری دێتەوە سەر وەکو (چەمی نەیجەکۆڵە، دۆڵی لارەدەر، چەمی گەچێنە، هەمزەیی، باخەکۆن، هەنارە کۆڵە و تفەقەتاراشی). لە بەری خۆرهەڵاتیشەوە دوو لقە جۆگەی دیکەی تێکەڵدەبێت، کە یەکێکیان لە دۆڵی نەیجەکۆڵە و دووەمیان لە دۆڵی لارەدەر سەرچاوە دەگرێت و ساڵانە بەفر و بارانێکی زۆری لێدەبارێت و کۆدەبێتەوە و بە نێویدا ڕێڕەو دەکات بە ئاڕاستەی خۆرئاوا دەڕوات و لە باشوری (بانی بەرمەڕان) لەگەڵ چەمەکانی (نارنجڵە و بنجەودڕەی و دەرەوکێ و باخەتازە) یەکدەگرن و چەمی (دەرەیاو) دروستدەبێت و بە دەشتی شارەزوردا تێدەپەڕێت، لە بەرزیی (١٠٣٩م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (٧٥٤م) لە ئاوڕێژگەکەی، درێژییەکەی نزیکەی دوو کیلۆمەتر دەبێت.
سەرچاوەکان:
- سەردانی مەیدانیی ئامادەکار بۆ شوێنەکە، لە ٢٥ی ٢ی ٢٠٢٣.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ مامۆستا (سۆران لوقمان مستەفا)، لەدایکبوو: ١٩٨٥، بڕوانامە: بەکالۆریۆس، پیشە: مامۆستا، لە ٢٥ی ٢ی ٢٠٢٣.
- بەکارهێنانی بەرنامەی (Google earth pro).
ئامادەکردنی: د. ڕێباز لوقمان مستەفا