گەچێنە

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-09


لاپەڕەی 423

چەم

کەوتووەتە سنوری گوندی (گەچێنە)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باشوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە، کەوتووەتە نێوان لاپاڵی خۆرەتاوی مەرەوێ و تایلەی سۆتەڵا و دۆڵی دەرەتاریک لە باکور و ئەشکەوتی هەلاجان و دۆڵی هەمزەیی لە خۆرهەڵات و لوتکەی سەرگەچێنە و ئەشکەوتی هەلاجان لە باشور و شوێنەواری قەڵای میرانغاڵ لە خۆرئاوا. چەندین کانیاوی تێدەڕژێت و ئاوی ئەمانە کۆدەبێتەوە و لەگەڵ لاپاڵ و چیاکانی دەوروبەری دروستدەکەن. لە بەری باکوری خۆرهەڵاتەوە چوار لقە جۆگەی دیکەی تێکەڵ دەبێت، کە یەکێکیان لە دۆڵی گورگەدەر و دووەماین لە دۆڵی نسارە سور و سێیەمیان لە دۆڵی چەمی کێڵا و چوارەمیان لە تایلەی سۆتەڵا سەرچاوە دەگرێت و ساڵانە بەفر و بارانێکی زۆری لێدەبارێت و کۆدەبێتەوە و بە نێویدا ڕێڕەو دەکات. بە ئاڕاستەی خۆرئاوا دەڕوات و دەڕژێتە ناو چەمی باخەکۆن و تفەقەتاراو هەنارە کۆڵە و پاشان گوڵپ و لە (بانی بەرمەڕان) لەگەڵ چەمەکانی (نارنجڵە و بنجەودڕەی و دەرەوکێ و باخەتازە و گوڵپ) یەکدەگرن و چەمی (دەرەیاو) دروستدەبێت و بە دەشتی شارەزوردا تێدەپەڕێت، لە بەرزیی (١٣٣٧م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەستپێدەکات بۆ بەرزیی (١١٤١م) لە ئاوڕێژگەکەی. درێژییەکەی نزیکەی کیلۆمەتر و نێوێک دەبێت، کۆمەڵێک باخی میوەهات پشت بەم چەمە دەبەستن بۆ ئاودێریکردن.

سەرچاوەکان:

  1. سەردانی مەیدانیی ئامادەکار بۆ شوێنەکە، لە ٢٥ی ٢ی ٢٠٢٣.
  2. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ مامۆستا (جەمال گەچێنەیی) ی ناسراو بە (جەمالی جەڕاح)، لەدایکبوو: ١٩٦٤، بڕوانامە: دبلۆم، پیشە: مامۆستا، لە ٢٥ی ٢ی ٢٠٢٣.
  3. بەکارهێنانی بەرنامەی (Google earth pro).

ئامادەکردنی: د. ڕێباز لوقمان مستەفا

4

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

چاوەپان

بە دووریی (٢٠٠م) لە باشوری خۆرئاوای گوندی (خێڵی حەمە)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). درێژ دەبێتەوە بۆ گوندی (بەشارەتی سەروو). هەرچەندە لە سنورى گوندى (خێڵى حەمە)دایە، بەڵام زیاتر جوتیارانى گوندی (بەشارەتی سەروو) سودیلێدەبینن.

چاوگە درێژ

بە دووریی (٥٠م) کەوتووەتە باشوری گوندی (کوڵکنیی سەروو)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ)، بۆ گوندی (تەپی سەفای سەروو) درێژدەبێتەوە. درێژییەکەی دوو کیلۆمەتر زیاترە. ئاوەکەی بۆ کشتوکاڵ سودیلێوەردەگیرێت.

چاوگی خواروو

کەوتووەتە سنوری گوندی (کۆڵیژێ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە باشوری خۆرهەڵاتەوە بەرەو باکوری خۆرئاوا درێژ بووەتەوە، لە یەکگرتنی ئاوی (نسارە گولانە و کانی یاسەمین) دروستدەبێت. درێژییەکەی نزیکەی دوو کیلۆمەتر دەبێت. دوو لقە جۆگەی لاوەکی تری دێتەوەسەر.

چەمەکانی ئەو دیوی دەرەتوێ

کەوتووەتە باکوری گوندی (دەرەتوێ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لە کۆمەڵە باخێک وەک (دەرەی هاڵیتی، کانیەی حەمەد، ڕێوڵان، قنودەرەی) پێکدێت و سەنتەری گوندی دەرەتوێ کەوتووەتە بەردەمی. لە گوندەکەوە ڕێگایەکی خۆڵی بۆ دەڕوات. ناوچەیەکی کوێستانییە، بەڵام کەم ئاوە. باخەکانی لە دار گوێز و هەنار و هەنجیر و قەیسی و ترێ و قۆخ پێکهاتووە.

چەمەکەلی

کەوتووەتە زنجيرە (چياى شنروێ) لە باشورى هاوينەهەوارى (وەزگێڵ) و ‌دامێن لوتکەى (بەفرى ميرى). بەدرێژایی نزیکەی چوار کيلۆمەتر شۆڕ دەبێتەوە تا دەگات بە گوندى (هاوار) و لە سنوری شارۆچکەی بیارەدایە. بە بەراورد بە شيوەکانى بەرەى خۆرئاواى زنجيرە چياکە تەڕ و چڕترە بە گژوگیا.

چەمی ئاش

کەوتووەتە باشوری گوندی (دەرەشیشی سەروو)ی سەر به ‌ناحیەی (خورماڵ). (٥٠٠م) لە گوندەکەوە دوورە. ڕووبەری دوو دۆنم زەویی کشتوکاڵی ئاودێریدەکات. درێژییەکەی نزیکەی یەک کیلۆمەتردەبێت. لەبەرئەوەی لە کۆندا ئاشی تێدا بووە، بۆیە بە چەمی ئاش ناوبانگیدەرکردووە و ئاوی چەند کانییەک و باراناوی تێدا کۆدەبێتەوە بەرەو خۆرئاوایی گوندەکە دەڕوات.