تەنگی سەید محەممەد
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-15
کەوتووەتە دامێنی باشوری خۆرهەڵاتی (شاخی نەوەر) بەڕووی ڕوباری سیرواندا، ناوچەیەکی تەنگەڵانی ڕوباری سیروانە و بەری ناوچەی نەورۆڵی و ناوچەی تاوگۆزی لەیەک نزیکدەکاتەوە. بۆ پێکگەیاندنی ئەو دوو ناوچەیە گونجاوترین شوێنی ڕوباری سیروانە. سەید محەممەد هاوەڵێکی پێغەمبەر(دروودی خوای لەسەر بێت)دەبێت، کە پێدەچێت لە شەڕی دژی فارسەکان لەوێدا شەهیدبووبێت و هەر لەوێدا نێژراوە. گۆڕی هاوەڵێکی تری لە تەنیشتدایە، بەناوی(سید سوجاح). دوای دروستکردنی بەنداوی دەربەندیخان ئەم گۆڕانە ئاو دایاندەپۆشێت. شەوێک سەید محەممەد دەچێتە خەوی یەکێک لە خەڵکی ئاوایی و داوای بەهاناچوونەوە دەکات لەوەی، کە ئاو گۆڕەکەی تێکداوە، پاشان خەڵکی ئاوایی و ناوچەی نەورۆڵی کۆدەبنەوە و بە هاوکاری بنەماڵەی (مەلا عەبدولعەزیزی پریس) گۆڕەکە دەگوازنەوە شوێنێکی بەرزتر و مەزارگەی بۆ دروستدەکرێت، تەنانەت موستیلەیەکیشی لەدەستدا دەبێت، کە ناوی(محەممەد بخارا)ی لێ نوسراوە، دواتر ئەو موستیلەیە کەوتووەتە لای (حاجی عەبدولڕەحمان محەممەد فەرەج)ی باوکی مامۆستا جەمیلی قائیمقامی پێشووی هەڵەبجە، تا لە کیمیابارانی هەڵەبجەدا وندەبێت. خەڵکی ناوچەکە بە چاوێکی پیرۆز سەیری ئەم گۆڕەیان کردوووە و لە زۆر کاتدا هانایان بۆ بردووە. لە کاتی وشکەساڵیدا پەنایان بۆ بردووە تاوەکو خودا بارانیان بۆ ببارێنێت. نەخۆشیان بردووەتە سەری و جێیانهێشتووە، تا چاک ببێتەوە، بۆ داواکردنی منداڵ قوربانییان بۆ کردووە.
سەرچاوەکان:
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (فەوزیە عەلی عەبدوڵا)، لەدایکبوو: ١٩٥٥، پیشە: ژنی ماڵەوە، خەڵکی گوندی (نەوەر)، لە ١ی ٣ی ٢٠٢٣.
- چاوپێکەوتن لەگەڵ مامۆستا(کامیل عەبدولڕەحمان محەممەد)، لەدایکبوو: ١٩٦١، بڕوانامە: بەکالۆریۆس، لە ١ی ٣ی ٢٠٢٣.
ئامادەکردنی: گۆران ڕەشید محەممەد